سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: پێویستە پەلەبکرێت لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، پەلەبکەن لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.

سەرۆکایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا، لە یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ بە خەم و ئازارێکی قوڵەوە قێزەونترین تاوانی مێژووی هاوچەرخمان لەبیرە، ئەوکاتەی رژێمی دیکتاتۆر، بۆردومانی شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو، ئەنجامدا”.

دەشڵێت، “ئەم تاوانە دڕندانەیە کە لە ئەنجامدا شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ، ژن و بەساڵاچوو و، وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆر لە گوندە کوردنشینەکانی لێکەوتەوە، رەنگدانەوەی رادەی ئەو ستەمکاری و نادادپەروەرییەیە کە رژێمی پێشوو بەرامبەر بە هاوڵاتییانی بێتاوانی کورد بەتایبەتی و، گەلی عێراق بەگشتی هەیبوو”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “تاوانی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند و کردارە دڕندەکانی رژێمی دیکتاتۆری بەرجەستەکرد، نیشانیداین کە پێویستە هەوڵی زیاتر و کاری هاوبەش بکرێت بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پاراستنی گەلان و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافەکانیان”.

ئەوەش هاتووە، “کارەساتی هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات لە چەسپاندنی ئەزمونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا بەرەوپێشەوە بچین، هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین کە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغەکراو بکەن، کۆتایی بە شەڕ و ململانێکان بهێنرێت، هەروەها ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و جیهاندا بەرقەرار بکەین. هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێن، وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامیانداوە”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هاتووە، “بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆییمان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پەلەبکەن لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، پێویستە ئەو هەنگاوە یاساییانە تەواوبکەین کە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دڵنیابوون لە پێدانی ئەم پێگەیە بە شارەکە دەیەوێت، هەروەها قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکەینەوە بۆ ئەو زیانانەی کە تائێستاش کاریگەرییان ماوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share