پەرلەمانتارێکى کورد دەڵێت، نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق نووسراوێکى تایبەت بە 100 هەزار دینارەکەى خانەنشینان کردووە.
سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، نووسینگەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیران داواکاریى 100 هەزار دینارەکەى خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کرد و داوای را و بۆچوونیان دەکات.
دەشڵێت، لە 10ى شوباتى رابردوو بە نووسراوێک داواى 100 هەزاری باشکردنی بژێویم ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، تاکو ئەو بڕیارە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
دوو 100 هەزار دیناری دەدرێت بە خانەنشینان، یەکەمیان لە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق هەیە بۆ ئەوانەی مووچەکانیان لە 500 هەزار کەمترە، ئەمە جێبەجێکراوە و بەردەوامە، سۆران عومەر وادەڵێت.
دەشڵێت، دووەمیان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوانەی مووچەکانیان کەمترە لە ملیۆنێک دینار، ئەم 100 هەزارەیان لە ئێستادا تەنها خانەنشینانی عێراق وەریدەگرن و داوایکردووە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیکردەوە، پێشتر هەرێمی کوردستان خۆی ئەمەی جێبەجێکردوە و داویەتی بە خانەنشینان، بەڵام لە مانگی یەکەوە عێراق دەڵێ ئەو 100 هەزارە بە خانەنشینانى هەرێم نادەین.