جێگرى سەرۆک وەزیران رێککەوتنى هەسەدە و دەسەڵاتدارانى دیمەشق بە گرنگ ناودەبات و دەشڵێت، ئامانجمانە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا گەشەبکەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر پێشوازیکرد لە لیۆ جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سوریا و رێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سوریا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بە ئاراستەی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی لایەنەکانی سوریا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن.
لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر پرۆسەی گەشەپێدان و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ناوچەیی لە هەرێمی کوردستان کرا. جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، ئامانجیانە بە شێوەیەکی هاوسەنگ هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا گەشەبکات و داواشیکرد وڵاتی چین کە خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتووە لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێم بکات.
کونسوڵی گشتیی چین ئاماژەیدا بە پەرەپێدانی تواناکان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، زیاتر لە 500 هاوڵاتیی هەرێم سودمەند بوون لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان و لە داهاتووشدا خولەکانی راهێنان بۆ پەرەپێدانی تواناکان بەردەوام دەبێت.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چین و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەی کرد و رایگەیاند، بەردەوامبوون لەسەر بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی چین.
لە تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی باشتری سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم چوارچێوەیەدا کاری هاوبەش و گواستنەوەی ئەزمونی چین بۆ کوردستان بە پێویست زانرا.