ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم وەزارەتى دارایى بۆ ئامادەکردنى خشتەى مووچەى مانگى شوبات و زوو ئامادەکردنى مووچەى ئەم مانگە رادەسپێرێت و لێخۆشبوون بۆ قەرزى دوو توێژیش دەکات.
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا و بەپێى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، سەرەتا وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپێردرا بۆ ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی شوبات خرایەسەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابویری هەرێمی کوردستان.
بڕیاریشدرا هەر لە سبەینێ-وە، دەست بە دابەشکردنی بکرێت و لە هەمانکاتدا، سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانیش راسپێردران هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئازار ئامادەبکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئازار پێش پشووەکانی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، وەک ئەوەى لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتەکەى و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو و تیشکی خستەسەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی رێکار و پێداویستییەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن.
بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دوو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتووە. هەروەها لێخۆشبوون لە قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەند ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە کۆچی دواییان کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردوو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەندکرد، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راسپێردران بە دەرکردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە رۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێکاریی یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.