مەترسیی پێکدادانی گەورەترین شاخی سەهۆڵین لە جیهاندا بە وڵاتێکدا هەیە

دامەزراوەی بەریتانی ئەنتارکتیک ئاشکرایدەکات، گەورەترین شاخی سەهۆڵین لە جیهاندا کە بە A23a ناسراوە، نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە شوێنی خۆی جووڵاوە و ئەگەری پێکدادانی بە باشووری جۆرجیا هەیە.

دامەزراوەکە دەڵێت، شاخی A23a ، رووبەرەکەی نزیکەی 3300 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و کێشی نزیکەی یەک تریلیۆن تەنە؛ لە ساڵی 2020ـەوە لە ئەنتارکتیکا بەرەو دورگەی باشووری جۆرجیا دەڕوات، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە.

ئەندرۆ مێگەرز، زانا لە دامەزراوەی بەریتانی ئەنتارکتیک (BAS) دەڵێت، شاخە سەهۆڵینەکە، لە رۆژی 1/3/2025ـەوە، لە دووریی 73 کیلۆمەتر لە دورگەکەوە وەستاوە و ئەگەر هەر بەمشێوەیە بوەستێت، پێشبینی ناکەین کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکانی ناوچەکە هەبێت.

ئەو شاخە سەهۆڵینە، لە ساڵی 1986 لە رەفەی سەهۆڵینەکانی جەمسەری باشوور جیابووەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە شوێنی خۆی گیروەستا، دواتر لە ساڵی 2020 دەستی بە جوڵەکردن بەرەو باکوور کرد.

لەئێستادا نیگەرانیی ئەوە لەئارادایە کە نزیکبوونەوەی شاخە سەهۆڵینەکە لە دورگەی جۆرجیای باشوور، کە دەیان ملیۆن جۆری جیاواز ئاژەڵ و باڵندەی تێدا نیشتەجێیە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو گیانلەبەرانە دروستبکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share