مەسک پاڵپشتیی کشانەوەى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ دەکات

ئیلۆن مەسک-ى سەرپەرشتیارى بەڕێوەبردنى کارایى حکومەتى ئەمریکا پاڵپشتیی بیرۆکەى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی ناتۆ دەکات.

لە کۆمێنتێکیدا لەسەر بڵاوکراوەى یەکێک لە بەکارهێنەرانى تۆڕى “ئێکس” کە دەڵێت، کاتى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان هاتووە، مەسک نووسیویەتى، “پاڵپشتى دەکەم”.

لەکاتێکى پێشتردا مایک لى، سیناتۆرى کۆمارى رایگەیاند، بیرۆکەى کشانەوەى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و راگرتنى پاڵپشتییەکانى بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە پێشکەشى ئەنجومەنى پیران کراوە. بیرۆکەکە کشانەوەى تەواوەتیی لە رێکخراوەکە و سەرجەم رێکخراوە پەیوەندیدارەکانى پێشنیار کردووە، ئەمەش واتا راگرتنى پاڵپشتییە داراییەکانیشى لەلایەن واشنتن-ەوە.

سەرەڕاى ئەوەش، پێشنیارى رەتکردنەوەى ئەو رێککەوتنە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە مافى خاوەندارێتیی بارەگا رەسمییەکەى لە نیویۆرک پێدەدات، هەروەها پارێزبەندیی دیپلۆماسى لە کارمەندانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکشێنێتەوە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا زیاتر لە جارێک ناڕەزایەتی لە چالاکییەکانى هاوپەیمانیی “ناتۆ” نیشانداوە.

بەر لە هەڵبژاردنیشى، هەڕەشەى کشانەوەى ئەمریکاى لە هاوپەیمانێتییەکە کرد ئەگەر وڵاتانى ئەوروپیی هاوبەش، بەرپرسیارێتیی دارایى گەورەتر لەئەستۆنەگرن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share