وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیەنێت، ماوەی سێ رۆژە هیچ حاڵەتێکی نوێی توشبوون و مرداربوونەوە لەناو گامێش، مانگا و ئاژەڵاندا تۆمارنەکردووە بەهۆی نەخۆشییەکانی پێ و دەمەوە.
مەهدی سەحەر جبوری، بریکاری کارگێڕی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکە پێشتر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی پێکهێناوە و رێکاری خێرای گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی پێ و دەم لە ئاژەڵاندا.
وتیشی، “وەزارەتەکە رێوشوێنی تەندروستیی گرتووەتەبەر و سەرجەم کارمەندانی لە نەخۆشخانەکان و کلینیکی ڤێتێرنەری کۆکردووەتەوە، بەمەبەستی چاودێریکردن و لێکۆڵینەوەی ئەو نەخۆشییە”.
روونیشیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری لە بەغداد و پارێزگاکان، هەڵمەتەکانیان رێکخست بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاگادارکردنەوەی بەخێوکەرانی ئاژەڵ، هەروەها چڕکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگە بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سەلامەتی”.
جبوری لە درێژەی قسەکانیدا راشیگەیاند، برینداربوون و مرداربوونەوەی ئاژەڵەکان، هیچ مەترسییەکی بۆ مرۆڤ دروستنەکرد لە کاتی خواردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا.
دوو هەفتە پێش ئێستا، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ڤایرۆسێکی “کوشندە” لەناو گامێش و مانگاکانی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بڵاوبووەتەوە و تائێستا ژمارەیەکی زۆریان لێ مرداربوونەتەوە.
هەفتەی رابردووش، سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، هاوردەکردنی ئاژەڵی ناتەندروست لە چەند مانگی رابردوودا، هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بووە.