ئازارى ددان یەکێکە لە ئازارە زۆر سەختەکان کە دەربازبوون لێى ئاسان نییە، بەڵام چەند رێگەیەک هەن بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکە بەر لە رووکردنە پزیشک.
دکتۆرە ماریا ڤۆلکۆڤا، پسپۆڕى نەشتەرگەرى و چاندنى ددان دەڵێت، چەند رێگەیەک هەن بۆ کەمکردنەوەى ئازارى ددان و هەموو کەسێک دەتوانێت لە شوێنى خۆیەوە ئەنجامیان بدات.
بەپێى ئەو پزیشکە، یەکەمیان دانانى ماددەیەکى ساردە لەسەر شوێنى ئازارەکە، چونکە ساردى دەبێتەهۆى کەمکردنەوەى ئازار و خاوکردنەوەى هەوکردن، بەڵام نابێت ماوەکەى لە 20 خولەک زیاتر بێت، هەروەک ناشبێت ماددە ساردەکە راستەوخۆ لەسەر پێست دابنرێت، بەڵکو بۆ نمونە پێویستە سەهۆڵەکە لە خاولى یان پارچەیەک قوماش بپێچرێت.
دەشڵێت، نابێت شوێنى ئازارەکە گەرم بکرێت، چونکە گەرمى ئازارەکە و هەوکردنیش زیاددەکات.
ئەو پزیشکە رێنوێنیش دەکات بە شۆردنى ددان بە فلچە، چونکە مانەوەى پاشماوەى خۆراک لە دەم و دەوروبەرى ددان ئازار و هەوکردن زیاددەکات.
بەکارهێنانى ئازارشکێن و سڕکەرى کاتیی ددان لەو رێگەچارانەى دیکەن کە دەکرێت بەشێوەی کاتى بەکاربهێندرێن، بەر لە رووکردنە پزیشکى پسپۆڕ بۆ دۆزینەوە و چارەسەرى یەکجاریى ئازارى ددانەکە.