فەرهاد عەلائەدین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە کە باس لەوە دەکەن، ئەمریکا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێنەكاتەوە.
فەرهاد عەلائەدین لە لێدوانێكدا رایگەیاند، عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە كراوە، ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەستپێنەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی كە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا هەبووە، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەپاندنی سزا و هیچ جۆرە فشارێك لەسەر عێراق نەبووە.
رۆژی 2ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد و بەمپێیەش، لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، جارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.