كاردانەوەكانی پاش دوو تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەغداد

دیمەنێكی بەغداد پاش تەقینەوەكان

دوای دوو تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ناوەڕاستی بەغداد، سەرۆككۆمار بە “هەوڵی بە ئامانجگرتنی دەستكەوتە نیشتیمانییەكان ناویدەبات” و وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش ئیدانەی دەكەن.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم لە گۆڕەپانی تەیەرانی بەغداد دوو تەقینەوەی خۆکوژی ڕویاندا و بەهۆیەوە 28 كەس كوژران و 70ی دیكەش برینداربوون.

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “دوو تەقینەوەی تیرۆریستی دژ بە هاوڵاتییان لە بەغداد، لەم كاتەدا، هەوڵی گروپی تاریكەكان دوپاتدەكانەوە بۆ بە ئامانجگرتنی دەستكەوتە نیشتیمانییە گەورەكان و، چاوەڕوانی گەلەكەمان بۆ ئایندەیەك كە ئاشتی تیایدا بەرقەراربێت”.

ئەوەشی نوسیوە، دژ بەو هەوڵانە دەوەستینەوە كە دەیەوێت سەقامگیری وڵاتەكەمان تێكبدات.

لای خۆیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئیدانەی تەقینەوەكانی كرد و هاوخەمی بۆ زیانپێكەوتووانی هێرشەكان دەربڕی و وتی، “نمونەیەكی دیكەیە لەسەر كوشتنی برا عێراقییەكان لەلایەن تیرۆرستانەوە و، زیانگەیاندن بەوانەی هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن”.

جەختیش لەسەر درێژەدان بە پشتیوانییەكانی بۆ حكومەتی عێراق دەكاتەوە لە هەوڵەكانی بۆ فەراهەمكردنی سەقامگیری و ئاسایش.

هاوكات باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد ئیدانەی تەقینەوەكانی كرد و هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیانی تەقینەوەكان نیشاندا و، هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.

باڵیۆزخانەكە سەرەڕای پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەكان، هیوای خۆیشی نیشاندا بۆ دەستگیركردنی بەرپرسانی تەقینەوەكان و ڕادەستكردنیان بە دادگا.

مارتن ڕوس، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپاش لە عێراق لە تویتێكدا نیگەرانی خۆی لەبارەی ڕوداوەكەوە ڕاگەیاند و وتی، “دڵ و بیرمان لەگەڵ خێزانی قوربانیانە” هەروەك ئیدانەی دوبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تەقینەوانەی دژ بە عێراق و عێراقییەكان كرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئۆلریك شانون، باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق ئیدانەی تەقینەوەكانی كرد.

هەروەها كۆماری میسری عەرەبی ئیدانەی تەقینەوەكانی كرد و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حكومەت و گەلی عێراق كرد.

قاهیرە هاوپشتی خۆیشی بۆ بەغداد نیشاندا لە هەوڵەكانیدا بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و یاخیبوون.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئوردون هاوخەمی و پشتیوانی خۆی بۆ عێراق و گەلەكەی نیشاندا.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا ئیدانەی كردە خۆكوژییەكانی بەغدادی كرد و جەختی لەسەر “هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە لە ڕەتكردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر”.

بابەتی پێشتر

هەرێمی کوردستان دەستی هاوكاریی بۆ بەغداد درێژ دەكات و هاوخەمە

بابەتی دواتر

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: لە تەقینەوەکانی ئەمڕۆدا زیاتر لە 100 کەس بوونەتە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جه‌بار یاوه‌ر بۆ ئێستا: پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتن

ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتوون بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش، له‌…
Total
0
Share