لە هۆشدارییەکی نوێدا ناسا رایدەگەیەنێت، ئەگەری بەریەککەوتنی نەیزەکی 2024 YR4لەگەڵ زەویدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش گەورەترین ئەگەری بەرکەوتنی نەیزەکە بە زەوی لە مێژوودا.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) دەڵێت، سەرەتا ئەگەری بەرکەوتنی ئەو نەیزەکە بە زەوی، 1.2% بوو، ئێستا بۆ 3.1% بەرزبووەتەوە، ئەمەش دووەمجارە ئەگەری پێکدادانەکە بە زەویدا نوێدەکرێتەوە لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە.
ئەو نەیزەکە، کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دۆزرایەوە، یەکێکە لەو تەنە ئاسمانییانەی کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر زەوی دروستبکات؛ هەرچەندە تائێستا ئەگەری پێکدادانەکە کەمە، بەڵام ناسا ئەم مەترسییە بە “جددی” وەسفدەکات و زانایانی ئەو ئاژانسە، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەسەر رێڕەوی نەیزەکەکە، بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێب.
بەشێک لە زانایان نیگەرانن لەوەی ئەگەری پێکدادانەکە بەرزترببێتەوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە بە ئەگەری 96.9%، زەوی بەبێ زیان دەمێنێتەوە.
هەرچەندە ئەم نەیزەکە بچووکە لەئێستادا لە ئێمەوە دوورە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گەر خۆی بە زەویدا بکێشێت، کاریگەرییەکەی کارەساتبار دەبێت و رەنگە بەر ناوچەیەک بکەوێت، کە لە باکووری ئەمریکای باشوورەوە، بۆ باشووری ئاسیا و ئەفریقا زیانیان بەربکەوێت.