دوو کەس بە تۆمەتى خراپ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە سۆران دەستگیرکران

ئاسایشى سۆران دەستگیرکردنى دوو کەس رادەگەیەنێت و دەڵێت، وێنە و ڤیدیۆى خەڵکیان بردووە و بە هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى داواى پارەیان لێکردوون.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران رایگەیاند، هێزەکانى ئاسایشى خەلیفان دوای بەدواداچوون و چاودێریکردن لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان، توانییان لە رێکەوتی 17ى شوبات دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ا.ن.ه.) و (ز.ص.ن.) دەستگیربکەن کە تۆمەتبارن بەپێی یاسای (2)ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

دەشڵێت، ناوبراوان هەڵساون بە هاککردنی زیاتر لە 20 ئەکاونت و بردنی وێنە و ڤیدیۆکانیان و دواتر هەڕەشەی بەکارهێنانیان لەدژیان لەرێگەی سناپ چاتەوە، ئەگەر بڕی 10 هەزار دۆلاریان پێنەدرێت.

ئاسایشى سۆران روونیشیکردەوە، تۆمەتباران رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

داواشدەکات هەر کەسێک سکاڵای یاسایی هەیە لەسەر هەردوو پەیجی فەیسبووکی (دیڤان کەرکوکی) و سناپ چاتی (لولە 0101) دەتوانێت سەردانی بنکەکانی ئاسایش بکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share