وەزیری دارایی هەرێم چەند بڕیارێک بۆ زوو راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان و راپەڕاندنى مامەڵەکانیان دەرکرد.
بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتى دارایى و ئابوریى هەرێم بڕیارەکان بریتین لە:
1- چالاککردن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستییەکانی لە ماوەیەکی کورتدا.
2- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان.
3- رەوانەکردنی فەرمانبەران لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواوبوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.
ئەو بڕیارانە پاش سەردانێکى ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و شاندێکی وەزارەت بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان.
بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتەکە، وەزیرى دارایى داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواوبکرێت و ماف و شایستەکانیان پێبدرێت.