بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە مافی گەلی کورد لە تورکیا دەپارێزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، وەفدی ئیمراڵی سڵاو رێز و پەیامی بەڕێز (عەبدوڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان روونکردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا.
جەختیشیکردەوە، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی، هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی یەکێتی وتی، باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە.