ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، هەزاران هاوڵاتیی بەڕەگەز عەرەب، لە زیندانەکانی هەرێم چارەنووسیان نادیارە و داواشدەکات، یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێبکرێت.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات، یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان وەک یاسایەکی فیدراڵی جێبەجێبکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، جێبەجێنەکردنی یاساکە تائێستا، نادادپەروەرییە بەرامبەر بە زیندانییەکانی هەرێم و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەنووسی هەزاران هاوڵاتیی عەرەب، لە زیندانەکانی هەرێم تائێستا بەنادیاری ماوەتەوە.
هاوکات داواش لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بیکەن بە مەرج بۆ بەردەوامبوونی حکومەتی خۆجێیی.
لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکان چاوەڕێی پەرلەمانی کوردستانە کۆببێتەوە، تا پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتییان ئاراستە بکات بۆ ئازادکردنی ئەو گیراوانەی کە مەرجەکانی لێبوردن دەیانگرێتەوە.