دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراقییەکان لە پلەی سێیەمی ئەو نەتەوانەن کە لە ماوەی مانگی یەکی ئەمساڵدا، زۆرترین خانووبەرەیان لەو وڵاتە کڕیوە.
دەستەی ئاماری تورکیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی مانگی یەکی ساڵی 2025ـدا، فرۆشی خانوو لە تورکیا بە رێژەی %39.7 زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، بەوپێیەی کۆی فرۆشتنی خانووبەرە گەیشتووەتە 112 هەزار و 173 خانوو.
دەشڵێت، فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان بە رێژەی 24.9% کەمیکردووە بە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە هەزار و 547 خانوو.
دەستەکە باسلەوەشدەکات، لە ماوەی مانگی یەکی ئەمساڵدا، رووسەکان لە پێشەنگی لیستی کڕیارانی بیانیی خانووبەرە لە تورکیا بوون و 248 خانوویان کڕیوە، ئێرانییەکان بە 262 خانوو لە پلەی دووەم دێن و عێراقییەکانیش بە 103 خانوو لە پلەی سێیەم دێن.
بەپێی راپۆرتێکی پێشووی دەستەی ئاماری تورکیا، عێراقییەکان لە ساڵی 2015ـەوە، لە پێشەنگی کڕیارە بیانییەکانی خانووبەرە بوون، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2021، بۆ پلەی دووەم دابەزین و دواتر لە مانگی نیسانی 2022ـەوە، بۆ پلەی سێیەم دابەزیون، ئەمەش لەبەر زیادبوونی خواستی رووس و ئێرانییەکان، بۆ خانووبەرەی تورکیا.