پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرایدەکات، هێرشبەرەکەی دوێنێی شاری میونشن دانیبەوەداناوە کە بە مەبەست تاوانەکەی ئەنجامداوە.
گابرێلە تیلمان ئەندامی داواکاری گشتی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنێ بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیکرد بەناو گردبوونەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری میونشن دانیبەوەدا ناوە کە بە مەبەست ئەو کارەی کردووە، بەڵام پاڵنەری راستەقینەی پشت رووداوەکە تا ئێستا نەزاندراوە.
ئاشکراشیکرد، لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا تۆمەتبارەکە دروشمی ئاینی وتووەتەوە، بۆیە پێدەچێت پاڵنەری ئاینی لە پشت تاوانەکەیەوە بووبێت، بەڵام نازاندرێت کە سەر بە گروپێکی تیرۆرستییە یاخود نا.
تۆمەتبارەکە گەنجێکی تەمەن 24 ساڵانی بە رەگەز ئەفغانییە، لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامنەدراوەتەوە.
لە رووداوەکەی دوێنێی شاری میونشن 35 کەس برینداربوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە.