ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، کەمتر لە ھەشت رۆژی داھاتوو، بەھێزترین شەپۆلی بەفر و سەرمای زستانی ئەمساڵ روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە 19ی ئەم مانگەوە، نزمە پاڵەپەستۆیەکی قوڵی جەمسەری باکور لە ئەوروپاوە بگاتە سەرجەم ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست، تورکیا، ھەرێمی کوردستان و عێراق.
دەشڵێت، پێشبینیی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان بە رێژەی زیاتر لە یەک مەتر و بارینی بەفرێکی زۆریش لە سەنتەری شاری سلێمانی و ھەڵەبجە دەکرێت، لەگەڵ بارانێکی زۆر باش بۆ سەرجەم ناوچەکان و نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی پلەکانی گەرماش.
ئاراس جەبار باسیلەوەشکردووە، دەتوانین بڵێین ئەم شەپۆلە، چالاکترین شەپۆلی بەفر و باران و سەرمای زستانی ساڵی 2025 دەبێت و بۆ ماوەی چەند رۆژێک، کاریگەرییەکانی دەمێنێتەوە .