شارەزایەک هۆکارى راگرتنى سەرمووچە رووندەکاتەوە

شارەزایەکى بوارى یاسا هۆکارى راگرتنى سەرمووچەى فەرمانبەران رووندەکاتەوە و دووپاتیشیدەکاتەوە، ترسى فەوتانى سەرمووچەى فەرمانبەران نییە.

عەبدولقادر ساڵح، شارەزاى کاروبارى یاسایى رایگەیاند، باس و خواسى راوەستانى سەرمووچە لە کاتى ئێستادا بووەتە بابەتێکى نێو سۆشیال میدیا، باس لەوە دەکرێت حکومەتى هەرێم سەرمووچەى فەرمانبەرانى راگرتووە.

وتیشى، “بەڵام هۆکارى راگرتنەکە پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە هەیە ئەمەش لەبەرئەوەى لە کاتى ئێستادا مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە حکومەتى فیدراڵیەوە دابیندەکرێت”.

هۆکارى بنەڕەتى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنى خشتەکانى بودجەى ساڵى 2025 لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە، پێویستە خشتەکان پاش تەواوکردنى رێکارەکان ئاراستەى ئەنجومەنى نوێنەران بکرێت بەمەبەستى پەسەندکردنیان، تا ئەو کاتەیشى پەسەند دەکرێن و پاڵپشت بە حوکمەکانى ماددەى (13/ یەکەم) لە یاساى بەرێوەبردنى دارایى فیدراڵى ژمارە (6)ى ساڵى 2019، ئەم جۆرە خەرجیانە و گواستنەوەى راژە و زۆر بابەتى دیکە تایبەت بە خەرجیەکان رادەگیرێن، عەبدولقادر ساڵح واى وت.

روونیشیکردەوە، بەڵام دواى پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى ساڵى 2025 بە ئاسەوارى گەراوەیى (أثر رجعى) مافەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ فەرمانبەران وەک سەرمووچە و فەرمانبەر بە گوێرەى ڕێکەوتى شایستبوونى سەرمووچەکەى بۆ دەگەڕێنرێتەوە و بۆى ئەژمار دەکرێت.

ئەو شارەزایەى بوارى یاسا باسى لەوەشکرد، ئەمەش بابەتێکى ئاساییە و ترسى فەوتانى سەرمووچە لە ئارادا نییە، چونکە سەرمووچە مافێکمى بێ و قەید و مەرجى فەرمانبەرە و یاسادانەر بڕیارى لێداوە بەپێى ماددەى (5) لە یاساى مووچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت و کەرتى گشتى ژمارە (22)ى ساڵى 2008.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share