وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، دەستدەکرێت بە دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ی شوباتی 2025، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى 2025/1 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکه كانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتاهێناوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختکراوەتەوە، کە هاوكاریى دارايى بەردەوامدەبێت.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، “لەم مانگە سەرووی (40,000) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی خاڵەکانی نامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیماناندا دەروات”.