سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، “مووچەی هەر 12 مانگەکەی ئەمساڵی هەرێم دابینکرا”.
ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، “دڵخۆشم لەگەڵ هاوڕێیانم لە وەفدی دانوستانکار و تیمی حکومەتی هەرێم، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، لێبڕاوانە کارمان کرد بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداد، رۆژی شەممەی رابردوو بۆ 13 کاتژمێر لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، تیمی هەردوولا لێبڕاوانە کارمان بۆ گەیشتن بەم دەرئەنجامە کرد”.
باس لەوەشدەکات، “ئەنجامی هەوڵەکانمان هاتە بەرهەم و تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم کرا بۆ مانگی یەک و ئەو بڕە پارەیەی کە هەردوولامان لەسەری رێککەوتبووین، ئەمڕۆ بەیەک گوژمە بە کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێم”.
ئامانج رەحیم دەڵێت،”سوپاس بۆ پشوودرێژیی مووچەخۆران وهیوادارم کۆتایی بە نەهامەتی و نیگەرانیی مووچەخۆرانی هەرێم بێت بۆ تەواوی ساڵی 2025، کە بە گوێرەی رێکەوتنەکە مووچەی هەرێم دابینکرا بۆ هەر 12 مانگی ساڵی 2025 و بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامی ئەم رێککەوتنە، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندیی تەکنیکی و پابەندییە نەوتی و نانەوتییەکانی بە تایبەتیش کە ئاستەنگی یاسایی نەما لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە”.