پەیامێکی بەپەلە لە پارێزەرانی سزادراوانی بادینانەوە

بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینان فۆتۆ: كەركوك ناو

پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە پەیامێكی بەپەلەدا داوای سڕینەوەی بڕگەیەكی رەشنووسی یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن و ئامانجی ئەو بڕگەیەش بە “نەهێشتن و بێئومێدکردنی دەنگی ناڕازی” ناودەبەن.

بەشدار حەسەن، لە جیاتی تیمی پارێزەرانی بادینان لە پەیامێكی بەپەلەدا رایگەیاند، سەبارەت بە رەشنووسی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی دووی ماددەی 9ی رەشنووسی یاساکەدا هاتووە، (ئەو تاوانانەی بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم گرێدراون، لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە) کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی ئەم لێبووردنە گشتییە سزادراوان و راگیراوانی بادینان و هەموو زیندانیانی تری سیاسی نەگرێتەوە کە بەپێی (ماددە یەک لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003) سزادراون یان راگیراون و لەقۆناغی دادگاییکردندان.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا، كە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان كراوە، هاتووە، داواکارین لە بەڕێزتان بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن و رێگری بکەن لەوەی ئەم یاسایە بەم شێوازە تێبپەڕێنرێت.

داواشدەكات (بڕگە دوو لە ماددەی ٩) بە هەموو شێوەیەک بسڕێتەوە و نەمێنێت، لەبەر ئەوەی ئامانجەکە روون و ئاشکرایە کە “ئەویش نەهێشتن و بێ ئومێدکردنی دەنگی ناڕازییە لە ئێستا و داهاتوو لە هەرێمی کوردستان” وەك ئەوەی لە پەیامەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

شارەزایەك روونیدەكاتەوە<br> نرخی دۆلار بەرەو كوێ دەڕوات و چارەسەر چییە؟

بابەتی دواتر

لیستەر سیتی 0-3 نیوکاسڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share