دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد و یەكێك لە بڕگەكانی تایبەت بە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەربارەی نەوتی هەرێم.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنەكە دانیشتنەكە كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار و بە سەرۆكایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێكردووە.
بەرنامەی کاری دانیشتنەكە لە چوار بڕگە پێکهاتووە؛ گرنگترینیان دەنگدانە بە هەمواری یاسای بودجە کە لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدایە و پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی رابردووی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان، “هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی هەمواری یاسای بودجە”.