وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم رایگەیاند، “بڕیارە لە لیستی مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵدا مووچەی ئەو کەسانە هاوتای عێراق بکرێت کە پێش ساڵی 2014 خانەنشینکراون”.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “هەوڵێکی زۆرماندا بۆ هاوتاکردنی مووچەی ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان خانەنشینکراون، دواجار حکومەتی هەرێم چووە ژێر باری ئەوەی ئەو کارە بکات”.
وتیشی، “لەبەر ئەوەی ئەو کردارە دەرهاویشتەی دارایی هەیە بۆیە لە شار و شارۆچکە بچووکەکانی وەک هەڵەبجە و کۆیەوە دەستیپێکرد”.
باسی لەوەشکرد، “بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە لیستی مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵدا خانەنشینانی شارە گەورەکانیش مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە هاوشێوەی ئەوانەی دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون”.