قوباد تاڵەبانى: گەشبینین رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و حکومەتێکی کارا پێکبهێنرێت

جێگرى سەرۆک وەزیران رایدەگەیەنێت، گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و لە دەستپێکی کۆبوونەوەى نێوانیان باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و بەریتانیا کرا و، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەم قۆناغەدا.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی بەریتانی و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو جۆرە ئاسانکارییەکیان پێشكەش بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، باشترین رێگە بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی، گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمی کوردستانە. باڵیۆزی بەریتانیاش ئامادەیی وڵاتەکەی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی گەشەپێداندا و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کە کەمتر گەشەیان کردوە و گەنجان زیاتر کۆچی لێدەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەردوولا هیوایان خواست گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکدابن کە ئارامی و سەقامگیری لێ بکەوێتەوە و لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدابێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی گفتوگۆوە و بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەربکرێن.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دواین کۆبوونەوەکانی وەفدە دانووستانکارەکانی پارتی و یەکێتی کرد و گەشبینی خۆی دەربڕی بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی دروست بووە، لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان: فەرمانی دەستگیرکردنم زیاتر بابەتێکی سیاسییە، نەک یاسایی

لەسەر دۆسیەی ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ ناوچەی پیشەسازیی ڕزگاری تەرخانکراوە، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، دەشڵێت،…
زیاتر ببینە

پەیوەندییەکانی عێراق: کەمکردنەوەی کرێی ئینتەرنێت هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێت جێبەجێی بکەن

لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی عێراق داویەتی هەرێمی…
Total
0
Share