سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد دوادەكەوێت

سەردانی ئەو وەفدەی هەرێم كە بڕیاربوو ئەمڕۆ بۆ بەغدادی ئەنجامبدات، بە چەند هۆكارێك دواكەوت.

بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری یەكەمی دواكەوتنی سەردانەكە دەگەڕێتەوە بۆ تەواونەكردنی كاری ئەو لیژنە تەكنیكییەی دارایی عێراق كە لە هەفتەی رابردووەوە رەوانەی هەولێر كراوە بۆ ئامادەكردن و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی ئەم مانگەدا.

لیژنە تەكنیكییەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەكی تایبەتمەندی دارایی هەرێم بەردەوامن لەسەر ئامادەكارییەكانیان و پێدەچێت تەواوكردنی كارەكانیان ئەمڕۆ و سبەینێش بخایەنێت.

هۆكاری دووەمی دواكەوتنی سەردانەكە كە لاوەكییە، ئەوەیە ئەمڕۆ بەشێكی زۆری شارەكانی عێراق پشووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەینێ كارەكانی لیژنە تەكنیكییەكە تەواو ببێت، سەردانی وەفدەكە بۆ بەغداد لە ناوەڕاست یان كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامدەدرێت، لە ئەگەری دواكەوتن و تەواونەبوونی كارەكانی لیژنەكەشدا، سەردانی وەفدەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دوادەكەوێت.

دوێنێ رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دوای سەردانی هەردوو لیژنەكەی دارایی عێراق و هەرێم بڵاویكردەوە، پشتیوانیمان بۆ دووپاتکردنەوە بۆ ئەوەی کارەکان بەزووی جێبەجێ ببن تا ناوەراستی ئەم هەفتەیە وەفدی باڵای هەرێم بگەرێنەوە بەغداد و ئالیەتی کارکردن و سەرفکردنی مووچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن.

روونیشیكردەوە، تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێم رۆژانە تا شەوی درەنگ بەردەوام کاردەکەن، هەموو داواکاری و تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەخەنە بەردەم نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ وردبینی و پەسەندکردنی بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا کارپێکراوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەری دەڕوات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share