قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوازیكرد لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت و رێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سوریا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم سوپاسی هاوكارییەكانی حكومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست لە داهاتوودا هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا، بە تایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ و كارسازی و ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگەدا زیاتر پەرەبستێنێت.
لە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە كە كۆبوونەوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و بە تایبەتیش لە نێوان پارتی و یەكێتی بەردەوامە و هیواشی خواست گفتوگۆكان بەزوویی بە ئەنجام بگەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە یەكێتی هەوڵدەدات حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێكبهێنرێت، چونكە بەبێ هاوبەشیی راستەقینە حكومەتێكی كارا و یەكگرتوو و بەهێز دروست نابێت كە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بێت و كێشە سەرەكییەكان چارەسەر بكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی ریفۆرم لە هێزی پێشمەرگەدا كرا. لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ریفۆرم بەو شێوەیە جێبەجێبكرێت كە بە هاوكاریی هاوپەیمانان پلانی بۆ دانراوە و جەختیشی كردەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بە خێرایی و بە باشی بەڕێوەبچێت پێویستە حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی بەهێزی یەكگرتووبێت و متمانەی تەواو لەنێوان لایەنە بەشدارەكاندا هەبێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە كرا. باس لەوەشكرا كە سوریا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنەكانی سوریا بتوانن لەرێگەی گفتوگۆوە ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جەختكرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی سوریا و بە تایبەتیش كورد وەك پێكهاتەیەكی گرنگ بەشداریی پێبكرێت لە داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی نوێی سوریا و بەشێكی گرنگ بێت لە ئیدارەدانی سوریای نوێدا.