وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکەکەی ئاسان نابێت و تیشک دەخاتە سەر بەرەوپێشبردنی ئاشتیی جیهانی، وتیشی، “جیهان لەماوەی رابردوودا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، دەبێت بزانین دواتر چی روودەدات”.
مارکۆ رۆبیۆ، بووە یەکەم وەزیری کابینەکەی ترەمپ کە لە کۆی 99 دەنگی ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا هەموو دەنگەکانی بەدەستهێنا و یەکەم کەس بوو لە کاندیدەکانی ترەمپ متمانەی پێبدرێت، لەلایەکی دیکەوە، یەکەم لاتینە ببێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
رۆبیۆ لە وتارەکەیدا بۆ کارمەندانی وەزارەتی دەرەوە باسی لەو ئاستەنگانەی کرد کە رووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێتەوە لە جیهانێکدا کە گۆڕانکارییەکان خێرا و کتوپڕن.
ئاماژەی بەوەشدا، جیهان لە ماوەی رابردوودا زۆر گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، دەبێت بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، ئەرکمان ئاسان نابێت و ئالنگاری و سەختی لەخۆدەگرێت.
باسی لەوەشکرد، هەوڵدەدەن دووربکەونەوە لە ململانێ، بەڵام نەک لەسەر حسابی بەهاکانمان، جەختیشی لەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەو جۆرە دەمێنێتەوە کە سەرەتا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دواتر کارکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.