سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە هەرێم كۆبووەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نێردە دێپلۆماتییەكانی وڵاتان لە هەرێم كۆبووەوە، باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و شایستەكانی هەرێم كردووە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی كانونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دێپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، “هەرێم هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت”، وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، “پێویستە بابەتی موچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت موچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێم كردووە، “بە ئاڕاستەی هەمەجۆرکردنی ئابوری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ”.

وتوشیەتی، “هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لەپێناو دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم”.

مەسرور بارزانی باسیلەوەشكردووە، “هەرێم فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی”.

ئاماژەی بە “گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر”.

بابەتی پێشتر

ڕۆحانی داوا لە بایدن دەکات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی

بابەتی دواتر

پشكی كورد لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە مەترسیدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share