ترەمپ دەستبەکار دەبێت و دراوی دیجیتاڵیی خۆی دەخاتە بازاڕەوە

دۆناڵد ترەمپ، سبەینێ وەک 47ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت و دراوی دیجیتاڵیی خۆی دەخاتە بازاڕەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا خستنەبازاڕی دراوی دیجیتاڵیی بە ناوی خۆیەوە راگەیاند، کە بەهاکەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بۆ چەند ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

بەهای دراوە دیجیتاڵییەکەی ترەمپ، بە خێرایی بەرزبووەوە، بە جۆرێک کۆی سەرمایەی یەکەکانی لە بازاڕدا گەیشتە نزیکەی شەش ملیار دۆلار.

ماڵپەڕی رەسمیی پرۆژەکەی ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، کە 200 ملیۆن یەکە  لەو دراوە خراوەتە بازاڕەوە، و بەنیازە لە ماوەی سێ ساڵدا 800 ملیۆن یەکەی دیکە زیادبکات.

دروستکەرانی ئەم سەروەت و سامانە دیجیتاڵییە نوێیە لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، کۆنترۆڵی هەموو ئەو یەکانە دەکەن کە تا ئێستا نەخراونەتە بازاڕەوە، لەڕووی تیۆریەوە نرخەکەی نزیکەی 24 ملیار دۆلارە.

سبەینێ دووشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە رێورەسمێکدا وەک 47ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share