ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە بەغداد كارتمان زۆر بە دەستەوەیە و سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروستدەكەین.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند،”ئێمە هەرێمێكین لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بوونی كێشە لە نێوان هەرێم و بەغداد گرفتی گەورە بۆ حكومەتی عێراق دروستدەكات و هەرێمێكین خاوەن زەوی و حكومەت و پەرلەمان و لەشكرێك كادرین لە بەغداد، گەر كار بگاتە هەڵوێست وەرگرتن، كارتمان زۆر بەدەستەوەیە و سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروستدەكەین.”
سەبارەت بەو كارتانەی بەرامبەر بەغداد بە دەست هەرێمی كوردستانەوەن، ئەو پەرلەمانتارە وتیشی،”رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەهۆی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكانی دیكە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامنەدرا، وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان لە كافتریای پەرلەمان كۆبووینەوە، یەكێك لەو خاڵانەی گفتوگۆمان لەسەر كرد بایكۆتكردن و مانگرتن و پەكخستنی ئیشوكارەكانی پەرلەمان بوو، چونكە ناكرێت مووچەخۆری هەرێم لەو دۆخەدا بێت و هەڵوێستی جددی وەرنەگرین.”