بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێكران و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و هێنانەكایەی حكومڕانییەكی خزمەتگوزار.
لەبارەی دۆخی سوریا و كوردانی رۆژئاوا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، “جەخت لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بەتایبەت گەلی كورد دەكەینەوە و هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامە و هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا پەیڕەوبكرێت”.
پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكەبوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ وتی،”پێشتر باسمان لە هێنانەكایەی حكومڕانییەكی دادپەروەر و خزمەتگوزاركردووە و ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە، یەكێتی حكومەتێكی دەوێت كە پاراستنی مافی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجەكەی بێت، دوور لە جیاكاریی خزمەتی هەموولایەك بكات و كار بۆ بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكات و بە روانین و دیدگایەكی نوێوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدات و كوردستان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستەبكات”.
سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ بوونیادنانی هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە، سەرۆك بافڵ ستایشی هاوكارییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكای كرد و وتی، “دەبێت هێزی پێشمەرگە بە بیركردنەوەیەكی نیشتمانییانە و دوور لە دەستتێوەردانی حزبی رێكبخرێتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایەش یەكێتی بە هەموو شێوەیەك پشتیوان دەبێت”.