بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغداد كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرا و داواشكرا چیتر ماف و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێ و ناكۆكییەكان نەكرێت.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لە بارەی گرنگی سەقامگیریی سوریا و ناوچەكە كرا و سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “پێویستە مافی هەموو لایەنێك لە سوریا پارێزراوبێت بە تایبەت گەلی كورد و بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكەش گرنگە كە لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگ و هاریكاربین.
لە كۆتاییدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد، “لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكەی گرتووەتەوە پێویستە سەركردە و لایەنە سیاسییەكان لە بەغداد هەماهەنگ بن لە گفتوگۆی بوونیادنەرانە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە لەگەڵ پابەندبوون بە دەستووری عێراق”.