راوێژکارێکی سودانی رایگەیاند، ساڵی 2025 ساڵی ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی گرنگ دەبێت لە عێراقدا.
حەمودی ئەللامی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ ساڵێكی گرنگ دەبێت بۆ پیشەسازی لە عێراقدا و چەندین پڕۆژەی گرنگی پیشەسازی و ستراتیژی لە وڵاتەکەدا ئەنجامدەدرێت، وەک دروستکردنی کارگە، بەنداو، بازاڕی فراوان و چەند پڕۆژەیەکی دیکە.
دەشڵێت، “سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگییەکی بەرچاو بە ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی لە وڵاتەکەدا دەدات و دڵنیایی داوەتە هاوڵاتییان، کە لە داهاتوودا عێراق بە شێوازێکی سەرەکی پشت بە نەوت نابەستێت و سەرچاوە نا نەوتییەکانی داهات فراوان دەکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر “رەزاق سەعداوی” وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاندبوو، ئەمساڵ زنجیرەیەک پڕۆژەی پیشەسازی لە وڵاتەکەدا ئەنجامدەدرێت لەژێر ناونیشانی “رێگای گەشەپێدان” کە هەلی کار بۆ 20 هەزار گەنج دەڕەخسێنێت.