بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سبەینێ و دووسبەی ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، رۆژی دووشەممە لە هەندێك ناوچەی عێراق ئەگەری بارانبارین هەیە بەڵام شارەكانی هەرێم ناگرێتەوە.
دەستەی كەشناسیی عێراق بڵاویكردەوە، سبەینێ ئاسمان لە سەرتاسەری وڵات ساماڵ دەبێت و لە هەندێك شوێن دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، هەروەها تەمومژ لە بەیانیی زوودا لە هەندێک ناوچە دروستدەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، “بەرزترین پلەی گەرمی لە دهۆك و هەولێر 14، سلێمانی 13، کەرکوک و سەڵاحەدین و نەینەوا 16، بەغداد و دیالە و بابل و کەربەلا 17، نەجەف و دیوانیە و میسان و زیقار و بەسرە 18، واست و موسەنا 19 پلە” دەبێت.
سەبارەت بە كەشوهەوای رۆژی یەكشەممەش دەستەكە دەڵێت، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، هەروەها با لە هەندێک کاتدا چالاک دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاست و باشوور، پلەی گەرمیش بە چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممەش ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانی بەخوڕ و رەشەبا لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاست و باشوور.
بەپێی پێشبینییەكان جگە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، ئەگەری بارانبارین لە هەفتەی داهاتوودا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەئارادانییە و پێدەچێت، بارانبارین لە شارەكانی هەرێم بكەوێتە كۆتایی هەفتەی دواتر.