ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە زاری بەرپرسێکی سوریای نوێوە رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە واتە رۆژی 30ی 12ی 2024 کۆبوونەوە لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە و کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
بەرپرسە سورییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بووە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە پەیوەست بە دۆخی وڵاتەکە و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
جێگەی ئاماژەیە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن کوردەوە رێبەڕێتی دەکرێن و هاوکار و هەماهەنگی هاوپەیمانییەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆرن، بەشێکی گرنگی خاکی سوریا بەرێوەدەبەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە کۆبوونەوەکان و دایالۆک بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک و پێدەچێت لە هەفتەکانی ئایندەدا کۆبوونەوەکان چڕبکرێنەوە.