لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای نێوان کەلار-خانەقین، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش برینداربوون.
سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای نێوان کەلار-خانەقین نزیک گوندی گاکوڵ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کراون و مازدا روویدا.
باسی لەوەشکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە باپیر و کوڕەزایەکن کە تەمەنی نۆ ساڵە هەردووکیان سەرنشینی مازداکە بوون.
وتیشی، هەر بەهۆی رووداوەکەوە حەوت کەس برینداربوون، کە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کراون، برینی سیانیان سەختە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی روون نەبووەتەوە بەو پێیەی رووداوەکە سەخت بووە و دۆخی بریندارەکانیش بەجۆرێک نییە بتوانن لێدوان بدەن.