فەرمانی لێخۆشبوونەکانی ڕۆژانی کۆتایی ترەمپ بوونەتە بازاڕی کۆکردنەوەی سەدان هەزار دۆلار

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە لێخۆشبوونەکانی ڕۆژانی کۆتایی سەرۆک ترەمپ، لەلایەن لایەنگر و کەسە نزیکەکانی سەرۆکەوە دەفرۆشرێن و بوونەتە بازاڕێکی فراوانی کۆکردنەوەی سەدان هەزار دۆلار.  

لە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، “ئەو کەسانەی دۆستی نزیک و لایەنگری دۆناڵد ترەمپ-ن بە هەزاران دۆلاریان کۆکردووەتەوە لەوانەی دەیانەوێت لێخۆشبوونی کۆتایی سەرۆک بەدەستبهێنن”.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بئ ئەوە كردووە، “بازاڕی لێخۆشبوونەکانی سەرۆک لە فراوانبووندایە بەهۆی ئەو دۆستانەی دۆناڵد ترەمپ-ـەوە کە پارە لە تاوانبارە دەوڵەمەندەکان وەردەگرن لە بەرانبەر لێخۆشبوون و ئازادبوونیان لەو تاوانانەی بەسەریاندا ساغبوونەتەوە، لە بەرانبەردا لە ڕێگەی ئەوانەوە داوای لێخۆشبوونەکانیان پێشکەش بە کۆشکی سپی دەکرێت”.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا پشتی بەو بەڵگەنامە و چاوپێکەوتن و کۆمەڵەکانی فشار و پارێزەران بەستووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی.

ئەو سەرچاوانەی ڕۆژنامەکە پشتیپێبەستووە دەڵێن، بە بازاڕکردنی لێخۆشبوونەکانی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە سکاڵا و هەوڵەکانی ترەمپ لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ نەدا بەسەتەوە.

برێت تۆلمان، داواکاری فیدراڵیی پێشووی ئەمریکا، کە وەک لۆبی کاردەکات، ئامۆژگاری و پێسنیازی لێخۆشبوون و وەستاندنی سزای داوەتە کۆشکی سپی و ئەو کارەشی وەک هەلێکی دارایی بەکارهێناوە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەزاران دۆلاری بەدەستهێناوە، لە بەرانبەر پێشکەشکردنی داوای لێخۆشبوون و فشارکردن لە سەرۆک بۆ لێخۆشبوونی کوڕی ئەندامیێکی پێشووی ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتی ئارکنساس، بەهۆی ماڵپەڕێکی نایاسایی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر، هەروەها لێخۆشبوون بۆ ژنی ئەندامێکی کۆمەڵەی مانهاتن کە تۆمەتبارە بە ساختەکاری .

هەروەها پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، خۆی بە تاوانبارە سزادراوەکان دەناسێنێت وەک کەسێک کە دەتوانێت بڕیاری لێخۆشبوونی سەرۆکیان بۆ بەدەستبهێنێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە تایبەتییەی هەیەتی لەگەڵیدا، هەزاران دۆلاری لە ڕێگەی تاوانبارانەوە کۆکردووەتەوە.

یەکێکی دیکە لە ڕاوێژکارانی هەڵمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە بەرانبەر 50 هەزار دۆلاردا بەڵێنی هاوکاریکردنی بە جۆن کیریاکۆ داوە کە لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا سی ئای ئەی (CIA) کاریکردووە و تاوانبارە بە بڵاوکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکانی ئەمریکا و ئەو ڕاوێژکارە 50 هەزار دۆلاری دیکە وەردەگرێت دوای ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت لە وەرگرتنی لێخۆشبوون بۆ کیریاکۆ.

لە لایەکی دیکەوە پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ پێشنیارێکی خستووەتە بەردەم کیریاکۆ و پێیڕاگەیاندووە کە بە دڵنیایی لێخۆشبوونی سەرۆکی بۆ وەردەگرێت لە تاوانەکەی لە بەرانبەر یەک ملیۆن دۆلاردا بەڵام کیریاکۆ ئەو پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە.

هەروەها کەسایەتییەکی ناسراو لە لۆبییەکانی بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی سەرۆکی ئەمریکا، مات سکالپە کە نزیکە لە ترەمپ-ەوە و فشاری لە دۆناڵد ترەمپ کردووە بۆ لێخۆشبوون لە بارکەر بیتیت، خۆبەخشی گەورەی کۆمارییەکان کە تاوانبارە بە ساختەکاری، جگە لەوە کۆمەڵەی لۆبییەکانی لێخۆشبوون باسیان لە هەوڵەکانی مارک دی کوان کردووە بۆ لێخۆشبوونی ترەمپ لە نیکی لام دیفیس کە تاوانبارە بە کارکردن لە ئیدارەکەی ترەمپ-دا بۆ بەرژەوەندیی چین و مالیزیا و هەریەکەیان هەزاران دۆلاریان لە بەرانبەردا وەرگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی میدیا ئەمریکییەکان دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی پێشوودا ژمارەیەک فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ کەسە نزیکەکانی دەرکردووە و یەکێکیش لەوانە باوکی جێرد کۆشنەر-ی زاوای بوو.

هەروەها لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ واژووکردنی 100 فەرمانی لێخۆشبوون لە ڕۆژی سێشەممەدا کە دوایین ڕۆژی سەرۆکایەتییەتی.

بابەتی پێشتر

ڕامۆس مەترسی دووبارەبوونەوەی سینارۆی ڤیکتۆر ڤاڵدێزی لەسەرە

بابەتی دواتر

جگە لە مانزۆکیچ، میلان بۆندی سێیەمیشی یەکلاییکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share