لیژنەی نەوت و وزە: لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی پشکی نەوتی عێراق لە ئۆپیک پڵەس

لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی پشکی نەوتی عێراق لە ئۆپیک+.

بەهادین نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 18ی کانونی دووەم بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی ڕاگەیاندووە، “دوای ئەوەی ئۆپیک+ پشکی هەناردەی نەوتی عێراقی کەمکردەوە ئێستا عێراق لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشە نەوتەی ئۆپیک+ لێی کەمکردووەتەوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە دەڵێت، “داوامان لە وەزارەتی نەوت کردووە هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پشکە نەوتە چونکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بووژاندنەوەی ئابوریی عێراق هەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە وڵاتانی کەنداو لە ماوەی گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق لە ساڵانی 1991 تاوەکو 2003 ئەو پشکەی عێراقییان پڕدەکردەوە، بۆیە ئێستا گفتوگۆکان لەسەر زیادکردنی پشکی عێراقە نەک کەمکردنەوەی.

وتیشی، ڕێککەوتنی ئۆپیک+ بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لە مانگی کانونی دووەمدا بە بڕی 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ بووژاندنەوە و گۆرانکاری لە نەختینەی عێراقدا بکات.

هەروەها عەلا یاسری، بەڕێوبەری کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) جەختیکردەوە، “بڕیارەکەی ئۆپیک+ بۆ دابەزاندنی ئاستی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت”.

یاسری دەڵێت، ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەی دەکات 450 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کۆمپانیای سۆمۆ لە توانایدایە ئەو بڕە نەوتەی هەرێم وەربگرێت بۆ هەناردەکردن.

ڕوونیشیکردووەتەوە، دوای کەمکردنەوەکەی ئۆپیک+ بڕی هەناردەکردنی نەوت لەم مانگەدا گەیشتووەتە 2.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە داهاتی 4.2 ملیار دۆلار.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

بابەتی دواتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان: کوردێک لە بەندیخانەی سنە لە سێدارەدرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share