سەعدی ئەحمەد پیرە: رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی بوون رێبەرایەتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیان کرد

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی بنیاتنانی سلێمانیدا دەڵێت، رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی بوون رێبەرایەتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیان کرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی سلێمانیدا رایگەیاند، شکۆی سلێمانی تەنها ئەوە نییە لەنێو شارەکانی کوردستاندا بە پایتەختی رۆشنبیری بناسرێتەوە، تەنها ئەوەش نییە سێ بەشی کەڵەشاعیرانی کورد و ئوستادی ئەدەب و نووسەری بە سەلیقە و زاناو دانای عالی مەقامی ئایینی لەم شارەدا چاویان بە دونیا هەڵهێنابێت، شکۆی سلێمانی لەوەدایە کە پێشەنگی رابەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخواز و داینەمۆی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان بووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، بەدرێژایی هەزاران ساڵی بندەستیی داگیرکاری رۆم وعەجەم بۆ یەکەمجار بوو لەمێژووی هاوچەرخی کوردستاندا کیانێکی سەربەخۆی ئازاد لەسەر دەستی شێخ مەحمودی نەمر لەمشارەدا رابگەیەندرێت و یەکەم حکومەتی سەربەخۆی کوردیش لە مەملەکەتی شێخی گەورەدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

– لەبیرم دێ كە سولەیمانی دارول مولكی بابان بوو

نە مەحكومی عەجەم و نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو .

پێویست بەوەش ناکات باسی ئەو راپەڕینە جەماوەرییانەش بکەین کە بە درێژایی حوکمڕانیی داگییرکەراندا هەر لە مشارەدا سەریان هەڵدا تا گەیشتە ئەوەی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا تاجی سەروەری بخاتە سەر گۆیژەو ئەزمەرەوە و لە راپەڕینێکی بێوێنەدا جاڕی رزگاریی کوردستان بدات و ببێتە پێشەنگی شارە ئازادکراوەکانی هەرێمی کوردستان و ، بەهاری ساڵی 1991 سەوزتربکات و ببێتە نموونەیەک بۆ ئازادکردنی شارەکانیتری کوردستان  لەدەستی رژێمی بەعس بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە .

بۆیە مێجەرسۆنی حاکمی ئینگلیزی کوردستان سەرەتای سەدەی رابردوو قسەکەی راست دەرچوو کە وتی : هەر كەسێك بیەوێت حوكمی كوردستان بكات، دەبێت خۆی لە سلێمانی نزیكبكاتەوە  .

نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە هەر رۆڵە ئازا و قارەمانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی بوون رێبەرایەتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیان کرد و یەکەم مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشیان ناردە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان و جاڕی شۆڕشی بەڕەنگاربوونەوەیان دا بەگوێی هەموو دونیادا .

بەشی هەرە گەورەی شەهیدانی کوردستانیش هەر رۆڵە ئازاو نەبەرد و رۆشنفکرەکانی سلێمانی بوون کە بە گیانی خۆیان پارێزگارییان لەبوون و وجوودی کورد کرد و لەم پێناوەشدا گیانی خۆیان بەختکرد.

– چەک قەڵەم دوانەی خەباتی هاوژینم

لە چاویاندا رێی ئازادیم ئەبینم .

سلێمانی لەچاو شارەکانیتری کوردستان هێشتا لەتەمەنی گەنجێتیدایە، بەڵام ئەوەی ئەم شارە لەمێژووی کوردستاندا لە نەبەردی وشۆڕشگێری و بیری نەتەوایەتیدا تۆماریکردووە مایەی شانازی هەموو کوردێکە لەهەرچوار پارچەی کوردستاندا، هەر ئەوەش بوو سەرۆک ئۆجەلان بە دڵنیاییەوە دەیوت :  هەموو كوردستان پێویستی بە سێ سلێمانی ترە بۆ رزگاربوونی.

لەخۆڕاش نەبوو دیکتاتۆری عێراق سەدام حوسێن تەنها لەرۆڵەکانی ئەم شارە زەندەقی چووبوو، چونکە ئەوەی لە هەموو شارەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە بۆی دەچووە سەر لەسلێمانی بە خۆڕاگری خەڵکەکەی شکستی پێدەهێنرا، رژێمە سەرکوتکەرەکەی سەدام بەم هەموو سوپاو دەزگا ئەمنی و موخابەراتیەکانیشەوە گیریخواردبوو بەدەست خەڵکە قارەمانەکەی سلێمانییەوە.

مەحوی گەورە فەرموویەتی :

– بەقانونی تەجەننون شۆڕشێ بەرپا نەكەم چی بكەم

وەك مەدینە بێ نەبی بێ، یا نەجەف بێ، بێ عەلی .

لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی سلێمانی بابانیەکاندا تەنها ئەوەندەمان پێدەکرێت وەکو شاعیرەکەیان دەڵێ:

– چاوم مۆمی تەمەنتە وا بۆت دائەگیرسێنم

جەژنی لە دایكبوونتە رۆحم بەدیاری دێنم .

هەمیشە سەربەرزو سەرفراز بێت سلێمانی و خەڵکە رۆشنفکر و نەتەوەخواز و شۆڕشگێڕەکەیان، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سلێمانی وگشت شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادیی کوردستان .

بابەتی پێشتر

سێ ئەندامی خێزانێک بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share