وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، زیاتر لە 14 هەزار خێزانی لوبنانی هاتوونەتە عێراق و لە سێ پارێزگای وڵاتدا نیشتەجێبوون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، زۆرینەی خێزانەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و بابل نیشتەجێکراون و بەشێکی کەمیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوونیان هەیە.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەکرد، وەزارەت لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و تۆمارکردندایە، کە تێیدا پێداویستییەکانی ئەو خێزانانە پۆلێندەکرێن و هەڵدەسەنگێندرێن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەت بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و پێداویستی تەندروستی، جگە لە بەتانی، بەپێی توانا بەردەستەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی دەروازە سنوورییەکان پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی هاتنی لوبنانی لە 27ی ئەیلولەوە تا 10ی ئەم مانگە گەیشتووەتە زیاتر لە 18 هەزار لوبنانی.