محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایکرد، دەستبەجێ مامەڵەی نەختینەیی لە گومرگەکان رابگیرێت و دەست بە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی بکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی گومرگەکان، لەو ماوەیەدا پلانی ورد بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە تاوتوێکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر میکانیزمی پڕۆسەی گۆڕانکاری و بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان کە 11 دەروازەیان تەواو بووە، کە ئەو دەروازانە بوون کە زۆرترین داهاتیان هەبووە.
باس لەوەشکرا، ئامانج لەم پڕۆسەیە، چاکسازیی دارایی و کارگێڕییە و دەبێتە هۆی شەفافییەت لە داهات و سادەکردنەوەی رێکارەکان و کۆکردنەوەی زۆرترین داهاتی دارایی بۆ دەوڵەت.