پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت، سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات.

دەقی پەیامەكە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
ئازیزانمان لەهەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان
ئەندام و لایەنگرانی سەرجەم هێزە سیاسییەکان

لە قووڵایی دڵمانەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بەشداریی گەرموگوڕتان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموکراسی لە هەرێمەکان دەکەین و لەبەرامبەر ئەو وێنا گەش و دیموکراسییەی بە کوردستانتان بەخشی، سوپاسگوزارین و هیوادارم هەوڵ و خزمەتەکانی داهاتوومان پاداشتێکی گونجاوبێت بۆ دڵسۆزی و بەدەنگەوەهاتنتان. هەروەها بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە پرۆسەکە و بووژانەوەی رۆحییەتی دەنگدان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، چونکە بڕوای لەمێژینەمان وایە و خۆمان بە سەرمەشقی پاراستنی پایەکانی دیموکراسی و بەرەوپێشبردنی دەزانین و هەڵبژاردنیش فاکتەرێکی بەهێز و گرنگی پرۆسەکەیە.

سوپاسی بێپایانمان ئاڕاستەی جەماوەر و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە لەم قۆناغی نوێبوونەوەی حوکمڕانی و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزاردا لەگەڵمانبوون و دەنگدانتان بە یەكێتییەکەتان، شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین. دڵنیاشتان دەکەین هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە دەگاتە ئامانج.

یەکێتییە سەربەرزەکان و هەڤاڵانی خۆشەویستم لەسەرجەم ئۆرگانەکان

وێڕای پیرۆزبایی گەرم و پێزانینی زۆرم، دەستی ماندووبوونتان دەگووشم لەبەرامبەر شەونخونیتان بۆ سەرخستن، نوێکردنەوە و گەشەکردنی زیاتری یەکێتییەکەتان کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی دەنگەکانمان نزیکەی 200 هەزار دەنگ زیادیکردووە، ئەمەش جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییشە تاوەکو هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنتان چڕتر بکەینەوە و کاری باشتر و جدیتر لەپێناو هێنانەکایەی کوردستانێکی ئاوەدانتر بکەین، بۆیە لە دڵەوە سوپاسگوزاری پەرۆشی و دڵسۆزیتانم. دڵنیاییشتان دەدەینێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامدەبێت لە نوێبوونەوە و هێنانەپێشەوەی گەنجە خوێنگەرم و داهێنەرەکانی وڵاتەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری حزبەکە و پاشان بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە، لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی زەمینەیەکی تەواو لەبار و گونجاوی بۆ هەموو لایەنەکان رەخساند تاوەکو ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن و بەشێکی گرنگی سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی بن. ئێستاش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییهاتووە، شانازی دەکەین لە سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بووین بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد و دوور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردووانەوە کە ئامانجەکەی بۆ دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بوو.

جەماوەری سەربەرزی کوردستان و یەکێتییە دڵسۆزەکان

سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی نوێبوونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی مووچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە. بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی بەرامبەر دەنگەکانتان بەرپرسیار دەبێت و ئەو بەڵێنە نادۆڕێنێت کە بە ئێوەی سەربەرزی دابوو.

لێرەوە سوپاسی زۆرمان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و کارمەندە بەڕێزەکانیان، نوێنەری وڵاتان، چاودێران و هێزەکانی ناوخۆ دەنێرین کە رۆڵێکی گرنگیان لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گێڕا و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر، بەرەو ژیانێکی سەقامگیرتر

هەر شاد و سەرفرازبن

برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دوو كەسی دەستگیركرد كە دراوی ساختەیان پێبووە

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، کەسێكیان دەستگیركردووە دراوی ساختەی پێبووە و ویستوویەتی ساغیبکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا…
Total
0
Share