لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال رایدەگەیەنێت، سەربارەی ئەوەی حكومەت بە گشتی بەرامبەر كەرتی وەرزش كەمتەرخەم بووە، بەو حاڵەشەوە جیاوازی لەنێو شار و ناوچەكاندا كراوە و دەشڵێت، یەکێتی کار بۆ بە پیشەییکردنی وەرزش دەکات.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، بە وردی ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی کەرتی وەرزش و وەرزشوانانن. وتیشی، “سەرباری ئەوەی کە وەک حکومەت بە گشتی کەمتەرخەمی هەبووە بەرامبەر بە کەرتی وەرزش، بەڵام بەو حاڵەشەوە لەو یارمەتیدان و بودجە کەمەی بۆ وەرزش تەرخانکراوە، جیاکارییەکی زۆر کراوە لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکاندا و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان پەراوێزخراون”.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، ئەم یەکێتییەی ئێستا جگە لەوەی دەیەوێت کۆتایی بەم جیاکارییە بهێنێت، بەرنامە و پلانیشی هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان. روونیشیکردەوە پلانی یەکێتی بە پیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی خولە وەرزشییەکانە.
ئەو وتانەی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ ئەندامانی بازنەی وەرزشی کەمپینی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چارەنووسسازە، چونکە کاتی گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هاتووە و تەنها لایەنێکیش کە توانای راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێتی بۆردێکی تایبەتی بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی وەرزش پێكهێناوە و خۆشی ئەندامی بۆردەکەیە. وتیشی، “وەکچۆن لە ماوەی رابردوودا بڕیاریاندا بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکان و دابینکردنی پێداویستی بۆ یاریگاکان تەرخان بکەن، لە داهاتووشدا یەکێتی بە هەموو تواناوە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی کەرتی وەرزشی کوردستان”.