توێژینەوەیەکی زانستی کۆمەڵێک سوودی گرنگی خواردنەوەی رۆژانەی ئاو لەکاتی هەستان لە خەودا ئاشکرا دەکات و توێژەران دەڵێن، ”تووڕەیی و ماندوێتی ناهێڵێت”.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ژینگەیی و تەندروستیی گشتیدا بڵاوکراوەتەوە و پشتی بە چەند بەشداربوویەک بەستووە کە بە درێژایی شەو بۆ ماوەی 12 کاتژمێر ئاو نەخۆنەوە، دواتر بڕێکی جیاوازیان پێدراوە بۆ پێوانەکردنی باری دەروونی و یادەوەری و ئاستی تینوێتییان.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوەی بڕێکی کەم ئاو بە رێژەی 200 میلیلیتر بەسە بۆ نەهێشتنی تووڕەیی و ماندوێتی، بەڵام ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خواردنەوەی بڕێکی زیاتر 500 میلیلیتر بۆ باشترکردنی یادەوەری پێویستە.
جەخت لەوەش دەکەنەوە، خواردنەوەی بڕێکی کەمتر لەو بڕە هیچ باشتربوونێک لە باری دەروونی و یادەوەریدا بەدەست ناهێنێت، هاوکات ئامۆژگاریی هەموو کەسێک دەکەن بەردەوام ئاو لە تەنیشت جێگاکانیان هەبێت بۆ ئەوەی خواردنەوەی ئاو دوای هەستان لە خەو ببێتە کارێکی رۆژانە.
دەشڵێن، ”خواردنەوەی بڕێکی پێویست ئاو لە رۆژدا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی شەوانە خەوێکی ئارامترت هەبێت”.