ناوەندی هاوکاریی لەبارەی “ڕەشبگیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” هاتەدەنگ

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی چەندین چالاکەوان و هاوڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان ڕەشبگیری لە شارەکان دەستیپێکردووە.

ناوەندی هاوکاریی لە پێنج حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە کە ئەوانیش، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حزبی دیموكراتی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستان ‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە، ” كۆماری ئیسلامی كە بەهۆی سیاسەتە چەوت ‌و دژە ئینسانییەكانی بارودۆخێكی سەختی ئابوریی بۆ خەڵكی ئێران دروستكردوە‌ و لەم سەردەمی پەتای كۆرۆناش سەرەڕای پەرەسەندنی بێكاریی، هەژاریی لەرادەبەدەر‌ و داڕمانی هەموو بەهای ئینسانییەكان، لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی بەرینی جەماوەریی جارێكی دیكە لە كوردستان رەشبگیریی‌ و راوەدونانی هەڵسوڕاوانی مەدەنی‌ و ژینگەپارێزی دەستپێكردوە كە پێیوایە بە پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە دەتوانێت خەڵكی كوردستان چاوترسێن بكات”.

ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران، داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات كە “بۆ ئازادكردنی بێ قەید‌ و شەرتی گیراوەكان گوشارەكانیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی چڕ بكەنەوە و داوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین پشتیوانی زیندانیان‌ و بنەماڵەكانیان بن‌ و بەهەموو شێوازێكی بەردەست ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە گرتنی چالاكوانانی مەدەنی دەرببڕن”.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستیپێكردوە‌ و بەپێی ئامارەكان لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ژمارەیەك هاوڵاتیی كورد لەشارەكانی مەهاباد، بۆكان، رەبەت، نەغەدە، مەریوان، سەوڵاوا، سنە‌و كەرەج لەلایەن دەستگیركراون.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکار بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای باڵندە دەگرێتەبەر

بابەتی دواتر

فیات كرایسلەر و بیجۆى فەڕەنسی یەكدەگرن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share