وتەبێژی حکومەتی عێراق، رایدەگەیەنێت، “حکومەت هەوڵیداوە مەترسیی جەنگ لەسەر عێراق دووربخاتەوە”.
لەبارەی ئەو جەنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵی ناوازەی (خۆجێیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی) داوە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە مەیدانی شەڕ، و پابەندبوون بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەت پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە و پەیامی خۆی بە روونی ناردووە کە ناسەقامگیریی عێراق کەشێکی نەرێنی لێدەکەوێتەوە بەجۆرێک کە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات دەگەیەنێت لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە”.
باسم عەوادی، دەڵێت، “قەیرانەکە نێودەوڵەتییە لەبەر ئەوە هیچ وڵاتێک ناتوانێت چارەسەری بکات بەبێ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و جیهانیی زلهێزەکان یان ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان”.