تەواوی قسەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەڵەبجەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەڵەبجە لە میانەی بەڕێوەچوونی دووەم كەرنەڤاڵی لیستی 129ی یەكێتی قسەی کرد و چەندین پەیامی ئاڕاستەکرد، لەناویشیاندا چاڵنجی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ دیبەیتێک.

دەقی قسەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

یەکێتی کە قسەیەکی کرد جێبەجێی دەکات، زا بخودێ کە قسەیەکم کرد جێبەجێ دەکەم، زا بخودێ منیش باش دەناسن ئەگەر وەعدتان بدەمێ کە وەهاب هەڵەبجەی دەکەمە پارێزگاری بارزان، دەیکەم، تەبعان خۆی نایکات، بەڵام ئەگەر بمانەوێت دەیکەین.

دڵنیابن کە پێتان دەڵێم بە پشتیوانیی خوای گەورە و دەنگدەرانی کوردستان، کۆتایی دەهێنین بەو دەسەڵاتە ناشرینە خۆسەپێنە.

تاکە حزب کە خەبات دەکات بۆ هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان یەکێتییە و حزبەکەی مام جەلالە.

ئێمە خاوەنی خاک و ئاو و نەوتین، لە خۆتان بپرسن حەق بوو دۆخی کوردستان وابێت؟

چی دەتوانین بکەین، دەبێت ئەو دەسەڵاتە کۆتایی پێ بهێنین کە لە 19 ساڵدا 17 ساڵ و نیو سەرۆکی حکومەت لای حزبێک یان لای بنەماڵەیەک بووە، کەی کوردستان بۆ پێشەوە رۆی، ئەو خزمەتەی کە کرا کەی کرا، ئەو کاتەبوو کە یەکێتی بەقوەت بوو، ئەو کاتەبوو کە مام جەلال لە ژیاندا بوو.

بەداخەوە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و کۆچی دوایی و نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت و هێرۆ خان، نەیارەکانمان دڵخۆش بوون، وایانزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوتایی دێت، چەندین حزبمان لێ جیابووە و دۆڕان، پارتی خەنجەری تیژکردەوە بۆمان، لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بۆ یەکڕیزی بدات و بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە کاربکات، کاریکرد بۆ بچووککردنەوەی هەموو حزبەکان و درووستکردنی جیاوازی بۆ ئەوەی گیرفانیان پڕ بکەن، بەس نییە ئەو گیرفان پڕکردنە.

کاک قوباد چووە بەغداد، من چوومە بەغداد بە پشتیوانی یەکێتی و بودجەمان تێپەڕاند، لەبەر یەک هۆکار پارە نایەت بۆ هەرێم لەبەر ئەوەی دەیانەوێت لە بانکەکانی خۆیانەوە مووچە دابەش بکەن بۆ ئەوەی لەوەش بخۆن و قازانج بکەن.

خوا وەکیلە بە پشتیوانی خوای گەورە، ئەگەر ئەو دەنگە بەدەستبهێنین کە پێویست دەکات بەدەستیبهێنین هەموو ئەو وەزیرانی ئەم وڵاتەیان کاولکرد وەک وەزیری ناوخۆ و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و کاک مەسرور، با تەقاعودییەکەیان لە هەژماری من وەربگرن.

ئاومان نییە لە هەولێر، ئەو هەموو نەوتە لە زەوی هێندرایە دەرێ، وەعدیان دابوو هەموو هاوڵاتییان پشکیان هەبێت لە نەوت، کوا پشکەکەتان؟

لە ساڵی 1991وە سەدام لەم ناوە نییە، ئێستاش کارەبامان نییە، سەیری ئەو دۆخە بکەن، بەسە، هەموو تێگەیشتوون، هەموو کێشەی کورد ئەوە بووە یەکێتی کێشەی هەبوو، شکور ئەمڕۆ ئێمە کێشەمان نییە، قەد بەقەد ئەمڕۆ یەکڕیز و بەقوەت و بەهێز نەبووین.

پێنج ساڵ پێش ئێستا دۆخەکە جیاوازبوو، خۆشبەختانە تەکەتول و هێزی کەسی نەما، یەک یەکێتی بەقوەت هەموومان گەڕاینەوە بۆ رێبازەکەی مام جەلال.

بەرنامەی مام جەلال ئەم فەساد و گەندەڵی و زوڵمە نەبوو کە لە ئێوە دەکرێت، ئەوە نەبوو کە ئەولای کوردستان دەڕوات بەرەو وڵاتێکی پۆلیسی، وڵاتێکی ناشرین، کۆتایی پێ بهێنن.

دەمەوێت لێرە پەیامێکی تایبەت بنێرم، بۆ مامۆستا ئاینییەکانمان بۆ مەلا بەڕێزەکانمان، ئێمە وەک یەکێتی وەک حزبی دیکە نین، باوەڕمان بەوە نییە دەست بخەینە ناو مزگەوتەکانتان و موشکیلەتان بۆ دروستبکەن و دەست بخەنە ناو کارەکانتان، بەڵێنتان دەدەینێ کە وەزیری ئەوقافێک دادەنێین کە بزانێت خودا چییە کە بزانێت میللەتی ئێمە موسوڵمانە، ئێمە پشتیوانتان دەبین مەلا خۆشەویستەکان، ئێوە سەرکردەمان بن، پێشکەوتن ئێمە دواتان دەکەوین، وڵات بێ خودا وڵات نییە، وڵات بێ دین وڵات نییە، بۆیە هەر کێش رەبتی بە یەکێتییەوە هەبێت یان هەیبووبێت، هەر چ دەزگایەکمان هەبێت لەناو یەکێتی کە دژی دینە پیرۆزەکەمان قسەدەکات دوورمان خستووەتەوە و دەزگاکەمان کاولکردووە، هەموومان بەیەکەوە دەتوانین کۆمەڵگاکەمان بپارێزین.

کێشەیەکمان هەیە، گەنجەکانمان دۆخیان باش نییە، هەموو فێری تلیاک و خواردنەوە دەبن، دەبێت هەموو بەیەکەوە بەرنامەیەک بۆ ئەمە دابنێین بێزەحمەت بۆ سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ باسی ئەو شتانە ناکەن؟ وەڵا باش دەیزانن بەڵام ئەوەیان دەوێت و ئەوەیان حەز لێیە، ئەوەیان نەویستایە تەداخولی مزگەوتەکانیان نەدەکرد، شارێکیان درووستدەکرت پڕ لە بێئەخلاقی بەشانازییەوە، ئەو شارە نوێنەری هەیە و دوێنێ قسەی کرد، ئەو شارە نوێنەری هەیە، بەس لە کوردستان گەواد نوێنەری هەیە، داوەشێن.

بەڵام بۆ ئەو پشتیوانییە و ئەو بەڵێنەی دەیدەم بە مامۆستایان و مەلاکانمان یەک داوایان لێدەکەم، چاودێربن بەسەرمانەوە، دینەکەمان بپارێزن، یارمەتیمان بدەن، قسە بۆ ئەوە بکەن کە حەقە، قسە بۆ یەکڕیزی میللەتەکەمان بکەن، هەر ئەوەمان دەوێت لێتان، ئەوە بکەن، بەخوا یەکێتی بە هەموو هێز و قوەتی پشتیوانی ئێوەیە، ئیشەڵا بە پشتیوانی خودای گەورە ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەڕوخێنین.

سەرکردەی حزبەکانی دیکە لێتان دەترسن، ناوێرن ئاوا دابنیشن قسەتان لەگەڵ بکەن، من چاڵنجی مەسرور کاک بارزانی دەکەم، پێش هەموو ئەوانی تر، دەڵێن خەڵک دەنگنادات، وەرە با شتێک بکەین هەموو خەڵک دەنگبدات، لە کام تەلەفزیۆن دەتەوێت، کام رۆژنامە دەتەوێت وەرە با دیبەیت بکەین، لەبەرچاوی خوای گەورە چاڵنجت دەکەم، دوای دادەنیشین دەڵێین کێی تر بێت، من چەند پێشنیارێکم هەیە، ئەگەر ئەویش کێی تری پێ باشە ئەوە قەیناکە، من دەڵێم مامۆستا عەلی باپیر، مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەوان با بێنە ناو دیبەیتەکە، کاک شامسار، بەخوا فێری ناوی نابم زۆر قورسە ئەویش بابفەرموێت، تەبعان جەنابی حاجی مەحمودیش و کێی تری پێ باشە با بێت، ئێمە ناترسین.

کۆتا قسەم ئەوەیە، هاوکارمان بن، دەنگ کۆبکەنەوە، خەڵک ئاشتبکەنەوە بڵێن یەکێتی ئەمڕۆ، یەکێتیی جەنابی مام جەلالە، بۆ خزمەتی خەڵکە، ئەو دەسەڵاتە بۆگەنە گەندەڵە دەڕوخێنێت، چاوەڕوانی وەڵامیش دەکەم لە جەنابی کاک مەسرور، دووبارەی دەکەمەوە “I challenge you”.

بابەتی پێشتر

چی لەبارەی بنکەی سەربازیی گوام دەزانیت؟

بابەتی دواتر

مووشەکەکانی تاران چی کاریگەرییەکی ئابوری لێکەوتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارەکانی تەقینەوەکە بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری قوربانییەکانی ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە ماڵێکی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە، کە سەرجەمیان…
Total
0
Share