بەرشلۆنە.. لە مانگاکانی سیتیێنەوە بۆ گایە هارەکانی کومان

ڕۆناڵد کومان
ڕۆناڵد کومان

ڕاهێنەری هۆڵەندی یانەی بەرشلۆنە، ڕۆناڵد کومان بەباشترین شێوە کاری لەسەر گەڕانەوەی مێسی و هاوەڵانیکردووە و لە پێکهاتەیەکی ئاساییەوە گەڕاندونیەتییەوە بۆ ئاستی ئاسایی.

ماوەی 44 ڕۆژە ڕۆناڵد کومان پۆستی ڕاهێنەری یانە کەتەلۆنییەکەی بەدەستهێناوە و جێگەی کیکی سیتیێنی ئیسپانی گرتووەتەوە، بەڵام بە ئاشکرا بەدیدەکرێت کە هەمان ئەو پێکهاتەیەی ڕاهێنەرانی پێشوو بەرەو شکستیان بردووە لە ئێستادا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

سێرجی ڕۆبێرتۆ لە دوای بردنەوە لە یانەی سێلتا ڤیگۆ، دەڵێت، ” لەسەرەتای وەرزەوە کارێکی زۆرمان لەسەر مەشقە جەستەییەکان کردووە، ئێستا بۆمان دەردەکەوێت وەرزی ڕابردوو لە ڕووی جەستەیی و لیاقییەوە هەرگیز ئامادەنەبووین”.

ئەو ئامادەنەبوونەی ڕۆبێرتۆ ئاماژەی بۆ دەکات، بە کارەساتی هەشت گۆڵەکەی بایرن میونشن لە خولی یانە پاڵەوانەکان کۆتاییهات، بۆیە لە ئێستادا هەمووان چاوەکانیان لەسەر گەڕانەوەی بارسا و دووبارە یاریکردنیانە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ڕاپۆرتێکدا ئەو گۆڕانکارییانەی ئاشکراکردووە، کە بەرشلۆنەی لە مانگا ئاساییەکانی سیتێنەوە بۆ گایە هارەکانی ڕۆناڵد کومان گۆڕیوە.

  • توانا جەستەییەکان: بە ئاشکرا یاریزانان گوزارشتیان لە بەرزبوونەوەی توانا جەستەییەکانیان کردووە بەراورد بە وەرزی ڕابردوو، لە ڕوبەڕوبوونەوەکانی لالیگاش ئەو ڕاستییە بەڕوونی دەرکەوتووە.
  • بەرگری: هەمووان بە هێرشبەرانیشەوە بەرگری دەکەن، وەک یەک کۆمەڵە کار لەسەر تاکتیکە بەرگرییەکان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی هێشتا ماوە بگەن بە ترۆپکی تواناکانیان، بەڵام جیاوازییەکی زۆریان پێوەدیارە و لە دوو ڕوبەڕوبوونەوەی دەستپێکی وەرزدا گۆڵەکەیان بە خاوێنی پاراستووە.
  • دوو سەنتەر: لە پێشوودا ڕاهێنەرانی بەرشلۆنە وەک حەرامکراوێک ئاماژەیان بە یاریپێکردنی دوو سەنتەر لە ناوەندی یاریگا کردووە، لەکاتێکدا سێرجیۆ بۆسکێتس دەتوانێت بەتەنها ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، بەڵام کومان دی یۆنگی لەگەڵیدا بەکارخستووە و باشترین ئەنجامیداوە بەدەستەوە.
  • ئانسو فاتی: بە شێوەی بەردەوام یاریدەکات و لە یاریزانێکی یەدەگی گەنجەوە، بووە بە دووەم مەترسیدارترین و گۆڵکاری یانەکە لەدوای مێسی.

هێشتا زۆری ماوە ئەزموون لە یاریگا ئیسپانی و ئەوروپیەکاندا وەربگرێت، بەڵام بەو شێوە یاریکردنەی کومان وەک پولێک جوڵاندوویەتی چاوەڕوانی زیاتری لێدەکرێت.

  • گەڕانەوەی ئەلبا: وەرزی ڕابردوو یەکێکبوو لە گەورەترین کێشەکانی بارسا، بەڵام لەم وەرزەدا هەموو هاوکێشەکانی پێچەوانەکردووەتەوە، لە دوو یاری دەستپێکدا باشترین ئاستی نیشانداوە.
  • کۆتینیۆ ڕۆڵی هەیە: وەک دروستکەری گۆڵ ڕۆڵی سەرەکی لە یاریگا پێدراوە و هاوشانی مێسی باشترین ئاستی پێشکەشکردووە، هێشتا ماوە لێدانەکانی لەدەرەوەی ناوچەی سزاوە ئاڕاستەبکات و گۆڵی زیاتر بۆ هاوڕێکانی بڕەخسێنێت.
  • مێسی تاموچێژ وەردەگرێت: سەرەڕای ئەوەی سوارێزی هاوڕێی لەگەڵدا نەماوە، بەڵام لە پێگەی “فاڵس 9” یاریدەکات و زۆر بەختەوەرە، تاموچێژ وەردەگرێت و جموجۆڵ لەنێوان بەرگریکاراندا دەکات، لە یەک کاتدا دەتوانێت گۆڵ تۆماربکات و بڕەخسێنێت، بەرانبەر ڤیاڕیاڵ گۆڵێکی تۆمارکرد و بەرانبەر سێلتا ڤیگۆ دوو گۆڵی ڕەخساندووە.
بابەتی پێشتر

پەیوەندی نێوان توخێل و پاریس تێکچووە: ئەگەر لە دۆخەکە ڕازی نیت، ماڵئاوا

بابەتی دواتر

کێ جێگەی کارڤاخال دەگرێتەوە؟ زێدان چواربژاردەی لەبەردەستدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share