کازمی داوا دەکات تۆماری بایۆمەتری لە زوترین کاتدا تەواو بکرێت

مستەفا کازمی
مستەفا کازمی: ئێستا میدیا

مستەفا کازمی، ئەمڕۆ شەممە 3ی تشرینی یەکەم، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد كە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی عێراق تەواو بێت، هەروەها داواشی لە هاوڵاتییانی عێراق کرد لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار بكەن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “مستەفا كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە سەرجەم دەنگدەرانی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بكەن كە بڕیارە لە شەشی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت و ڕاشیگەیاندووە كە بەشداریكردنی دەنگدەرانی عێراق بەشێوەیەكی فراوان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، بەڵگەیە لەسەر متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی دیموكراتی و سیستەمی مەدەنی دەستووری”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ستایشی ئەو هەوڵانەی كردووە كە كارمەندانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە تۆماری بایۆمەتری زیاتری ژمارەی دەنگدەران خستوویانەتە گەڕ و داواشی لە هاوڵاتییانی عێراق کرد لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی كارتی بایۆمەتری تایبەت بە دەنگدان وەربگرن تا بتوانن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، بەشداری بكەن.

باس لەوەشكراوە كە هەروەها مستەفا كازمی داوای كردووە كە گرنگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەكان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی دەنگدەران كارتی بایۆمەتری تایبەت بە دەنگدانیان پێبدرێت بەتایبەتیش ئاوارەكان و داواشی لە سەرجەم لایەنە فەرمییەكان كردووە كە لە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاڵپشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێویستە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق راگەیاندبوو، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی كە تاوەکو ئێستا خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆماركردووە لە كۆی 26 ملیۆن و 642 هەزار و 85 دەنگدەر، گەیشتووەتە 15 ملیۆن 205 هەزار و 648 دەنگدەر، جگە لەوەش لە كۆی 14 ملیۆن و 446 هەزار و 14 كارتی دەنگدانی بایۆمەتری كە چاپكراون، تاوەکو ئێستا 10 ملیۆن و 979 هەزار و 77 كارتی دەنگدانی بایۆمەتری دابەش كراوە.

لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی ڕابردووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تاوەکو ئێستا پەسەند نەكراوە.

پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەڵێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

زۆری ژمارەی مردن بە كۆرۆنا وای كردووە تەندروستیی سلێمانی لیژنە پێكبهێنێت

بابەتی دواتر

سبەی مەراسیمی عەمرە لە سعودییە دەستپێدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share